December 5, 2008, 9:56 am |
|
|
بارزانی نهمر |
| |
|
سهرۆک بارزانی |
|
|
|
|
نێچیرڤان بارزانی بۆ تەلەفزیۆنی VOA: ئێمە عەرەب نین، كوردین، لەگەڵ ئەوەی لەو وڵاتە دەژین، بەڵام نەتەوەیەكی جیاین. هەر نەتەوەیەك مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە |
|
دوێنێ لیژنەیەكی كورد بەرەو بەغدا چوو تا ناكۆكییەكانی نێوان حكوومەتی كوردستان و بەغدا دهربارهی خانەقین و پارێزگای دیالە لەگەڵ حكوومەتی نوری مالیكی چارەسەر بكەن. هێزەكانی پێشمەرگە رێگە نادەن هێزەكانی سوپای ئێراق بچنە ناو خانەقین. دەتوانین بڵێین ئەو كێشانە هەتا ئێستا بەم چەشنە لەنێوان حكوومەتی مالیكی و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان رووی نەداوە، بەپێی لێكدانەوەی كارناسانی سیاسی ئێراق، بەردەوامی ئەم كێشانە دەبێتە هۆی لێكدابڕانی چەند ساڵەی كوردو زۆرینەی شیعەی ئێراق، پێشمەرگەكانی كورد هەتا ئێستا رێگهیان بە هێزەكانی سوپای ئێراق نەداوە تا بچنە ناو ناوچە كوردنشینەكانی پارێزگای دیالەو دانووستانی بەرپرسانی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی ئەو كێشەیە بەردەوامە. سەبارەت بەو كێشەیەو بابەتە گرنگەكانی كوردستانی ئێراق، بەشی فارسی تەلەفزیۆنی VOA دیمانەیەكی لەگەڵ ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان ئەنجام داوە. ئەمەش دەقەكەیەتی: ٭ ئاگاداری كێشەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی ناوەندی لەبەغدا لەسەر هاتنی سوپای ئێراق بۆ پارێزگای دیالە بەگشتی و شاری خانەقین بەتایبەتی بووین، ئێستا پەیوەندی ئێوەو بەغدا لەچ ئاستێكدایەو چۆنە؟ ئایا راستە دەڵێن دەتانەوێ لەئێراق جیا ببنەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: دوای رووخانی رژێمی سەددام، رۆڵی كاریگەرمان لەنیادنانەوەی ئێراقی نوێ گێڕاو تەواوی هەوڵی خۆماندا تا ئێراق لەسەر بنەمایەكی نوێ دابمەزرێتەوە، بەڵام ئەو شتەی كە پێم خۆشە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە زۆرجار دامەزراندنی ئێراقی نوێ لەسەر بنەمای فیدراڵیزم، كێشەی لەنێوان پارێزگاكانی ئێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی خوڵقاندووە، من هەبوونی ئەو كێشانە بەشتێكی سرووشتی دەزانم، بەروانینێك لەچوارچێوە فیدراڵیەكانی جیهان، دەبینین كە ئەم كێشانە لەسەر رادەی دەسەڵاتی ناوەندو هەرێمەكان روودەدەن، بڕوام بەوە هەیە كە ئێمەو بەغدا لەو پرۆسەیەداین، بەڵام بە چەشنێك نییە كە بڵێین پەیوەندی ئێمەو بەغدا ئاڵۆزەو كێشەكانمان بە چەشنی پێویست چارەسەرنەكراون، وێڕای ئەوەی ئێمە لەئێراق خاوەنی دەستوورین و دەستووریش چارەسەری بۆ زۆر كێشە داناوە، بەڵام ئەو دەستوورە بەس نییەو دەبێ كاتی زیاتری بۆ تەرخان بكرێ، ئێراق سەرلەنوێ بنیادبنرێتەوە. كێشەكانی خۆمان لەگەڵ بەغدا تاڕادەیەكی زۆر لەچوارچێوەی یاسا بەسرووشتی دەزانین، سەبارەت بە كێشەكانی ئەم دوایە دەبێ بڵێم كە ئێمەش بڕوامان بەوە هەیە كە سوپای ئێراق، سوپای تەواوی ئەم وڵاتەیە، نەك بەشێك لەوڵات، ئەركی سوپا، بەرگریكردنە لەوڵات لەبەرامبەر مەترسییەكان، بەڵام ئەو كێشانەی لە دیالە روویاندا، زۆر گەورەتر لەواقیعی خۆیان نیشان دران، ناوچەی خانەقین خاوەن تایبەتمەندی خۆی هەیە و هێزەكانی پێشمەرگە تاڕادەیەكی زۆر ئارامیان لەو ناوچەیە جێگیركردووە، بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی پارێزگای دیالە. پارێزگای دیالە لەو ناوچانەیە كە بۆ ئیدارەكردنی كێشەی لەسەرەو هەتا ئێستا روون نەبووەتەوە كە لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی بەغدایە یان بەشێك لەحكوومەتی هەرێمی كوردستانە. ئێمە پێمانوایە لەبارودۆخی ئێستادا ناردنی هێزی سوپای ئێراق بۆ ئەو ناوچەیە پێویست نەبوو، ئەگەر لەهەر ناوچەیەك هەست بكرێت كە هێزەكانی ئێمە توانای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانیان نییە، بۆ خۆمان لە بەغدا داوای یارمەتی دەكەین، بەڵام لەو ناوچانەی كە ئارامی سەقامگیرە، ناردنی هێزو سەرباز تەنیا كێشەو نائارامی بەرهەم دێنێت، جیا لەوە لەگەڵ ئەنجامدانی كاری وا، پێویستە حكوومەتی ناوەندی لەگەڵ حكوومەتی كوردستان هەماهەنگی بكات تا روونببێتەوە ئایا ناردنی هێزی سوپا پێویستە یان نا. بۆ روونكردنەوە نموونەیەك دێنمەوە كاتێك كە بارودۆخی ئەمنی بەغدا زۆر ئاڵۆز بوو، داوایان لە ئێمە كرد تا لەبواری هێزەوە یارمەتیان بدەین، ئێمەش هێزمان بۆ ناردن، ناردنی هێزەكانی ئێمە بۆ دابینكردنی ئارامی و لەسەر داوای حكوومەتی ناوەند بوو لەكاتی ئاژاوەو شەڕەكانی بەسرا، حكوومەتی ناوەندمان ئاگادار كردەوە كە ئەگەر پێویستیتان بە یارمەتی هەیە ئێمە ئامادەین، سەبارەت بە هاتنی سوپا بۆ خانەقین دەبوایە هەر بەو چەشنە لەگەڵ ئێمە رەفتاریان بكردایە، ئێمە بە ئێراقێكی یەكگرتوو دیموكراتی، فیدراڵی پابەندین و پێداگرین لەسەر رۆڵی ئەرێنی خۆمان لەبوژانەوە و ئاوەدانی و ئارامی ئێراق و لەو بوارەدا لەهەوڵی خۆمان بەردەوامین. سەبارەت بە جیابوونەوە لەئێراق دەبێ بڵێم ئێمە عەرەب نین، كوردین، لەگەڵ ئەوەی لەو وڵاتە دەژین، بەڵام نەتەوەیەكی جیاین. هەر نەتەوەیەك مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە، زمان، كلتوور و تایبەتمەندییەكانی ئێمە لەگەڵ عەرەب جیاوازە، لەگەڵ تەواوی ئەوانە، مانەوە لەچوارچێوەی ئێراقمان هەڵبژاردووە، هەر بەو جۆرە كە گوتم ئێراقێكی فیدراڵی، دیموكراتی و یەكگرتوو. ئێمە خاوەنی ئامانجی نهێنی و نادیار نین، ئامانجی ئێمە روون و ئاشكرایەو بێشك تا ئەو كاتەی ئێراق پابەندی ئەو دەستوورە بێت كە هەموومانی لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە، وەك كورد لەچوارچێوەی ئەو ئێراقەدا دەمێنینەوە.
٭ لەم ماوەیەدا كێشەیەك لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكەركووك سەری هەڵدا، ئەگەر حكوومەتی نوری مالیكی وەڵامی داخوازییەكانی ئێوەی لەسەر چۆنیەتی ریفڕاندۆمی بەڕێوەبردنی كەركووك نەدایەوە، ئێوە چ هەڵوێستێكتان دەبێ؟ نێچیرڤان بارزانی: كێشەی كەركووك زۆر ئاڵۆزەو تەنیا بۆ سەرۆك وەزیرانی ئێراق ناگەڕێتەوە، ئەم كێشەیە بە ئاسانی چارەسەر ناكرێت، ئەوەی تا ئێستا بەرچاو دەكەوێ ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك وەزیران كارەكانی پەیوەست بە ماددەی 140، یانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەكەركووك ئەنجام داوە، ئەمە ماددەیەكی یاساییەو كوردیش بۆ ئەنجامدانیی بەشێوەیەكی جیددی پێداگری دەكات، داواكارییەكانی ئێمە لە چوارچێوەی دەستووری ئێراقە، لەكێشەی كەركووك چەند لایەنێك هەڵوێستی ئێمەیان بە باشی وەرنەگرتووەو دەڵێن كە ئامانجی كورد لەسەرەتا نەوتی كەركووك و پاشان جیابوونەوەیە لەئێراق. ئەم بیروبۆچوونە بە توندی رەتدەكەینەوەو دوورە لەراستی، چونكە ئێمە بڕوامان بەو ماددە یاساییە هەیە كە دەڵێت نەوت بۆ هەموو خەڵكی ئێراقە، وێڕای ئەوەی وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دابەشكردنی داهاتی نەوت رێككەوتووین، ئێستا ئەم نەوتە لەزاخۆ، هەولێر یان بەسرا بێت، لەسەر وەرگرتنی 17٪ داهاتی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بە تەوافوق گەیشتووین، بۆیە ئەو بۆچوونانە كە دەڵێن كورد دەیەوێ داهاتی نەوتی هەبێ و پاشان لەئێراق جیابێتەوە، دوورە لەراستی و بێ بنەمان، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە پێمان وایە ئەگەر داوامان دامەزراندنی ئێراقێكی ئارام و سەقامگیرە، ناكرێ كێشە هەڵپەسێردراوەكان رەها بكەین، كەركووك و تەواوی ناوچەی كوردنشینەكان و ناوچە دابڕاوەكان لەچوارچێوەی ئەو ناوچە كێشەدارانەن. زۆر لایەن هەن كێشەی ئەو ناوچانە لەبەرژەوەندی ئامانجی سیاسی خۆیان بەكاردێنن، بەڵام لەراستیدا كێشەی كەركووك بەنیسبەت ئێمە كێشەی موڵكداری و زوڵمێكە كە نە تەنیا لە كورد، بەڵكو لە توركمان و تەواوی دانیشتووانی كەركووك كراوە، بۆیە دیسان دەیڵێمەوە، ئێمە پێمانوایە ئەگەر خوازیاری ئێراقێكی سەقامگیرو ئارامین، دەبێ پابەندی دەستوور بین.
|
| |
|
|