New Page 1

ستافى سايتى مةكتةبى ناوةندى ثةيوةندى نيشتمانى و كوردستانى ثيرؤزبايى لة طشت هيزو لايةنة سياسية كوردستانيةكانى بةشداربووى ثرِؤسةى هةلَبذاردنةكانى ئةنجومةنى نويَنةرانى عيَراقى فيدرالَ و سةرجةم خةلَكى بةشةرةفى كوردستان دةكات بة بؤنةى  سةركةوتنى ثرِِؤسةى هةلَبذاردن و سةركةوتنى ليستى كوردستانى

August 1, 2010, 2:44 am

بارزانی نه‌مر
 
سه‌رۆک بارزانی

مەسعود مەلا مستەفا بارزانی لە (16/8/1946) لە شاری مەهاباد لە کوردستانی ئێران، لە ژێر ئاڵای کوردستان و لە رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دایک بووە. لە سەردەمی تەمەنی کورتی کۆماری کوردستان لە مەهاباد کە یەکەم کیانی سەربەخۆی کوردی بووە.

پاش رووخانی کۆماری کوردستان لە ساڵی (1947)، بنەماڵەی بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەل کۆمەلێک لە پێشمەرگەکان و بنەماڵەکانیان ناچار بوون بگەڕێنەوە کوردستانی عێراق و پاشان لەلایەن رژێمی عێراقەوە هەموویان دوورخرانەوە بۆ شارەکانی خوارووی عێراق، بە تایبەتی (بەغدا و بەسرە)، بەڵام مەلا مستەفا بارزانی باوکی مەسعود بارزانی ڕێبەری شۆرشی کورد لەگەل هەڤاڵانی بەرەو یەکێتی سۆفیەت بەڕێکەوتن و تا ساڵی (1958) لەوێ مانەوە.

مەسعود بارزانی بەهۆی هۆکاری سیاسی و پەیوەندی بە شۆرشی ئەیلول خوێندنی ناوەندی تەواو نەکرد و بەغدای بەجێهێشت و لە تەمەنی (16) ساڵی لە ساڵی (1962) چەکی هەڵگرتووە وچۆتە ریزی پێشمەرگەی کوردستان و رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە شۆڕشی کورد کە لە یانزدەی ئەیلولی (1961) بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی دەستیپێکرد و تا ساڵی (1975) بەردەوام بوو. لە ژێر رێنمایی و پشتگیری باوکی تێکەڵی خەباتی سیاسی بووە.

بەڕێز بارزانی ژیانی لاوێتی خۆی تەرخان کردبوو بۆ ئەو ئامانجەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەرزی کردبووەوە، لە ساڵی (1961)، ئەویش دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی و پاشان فیدرالیزم بۆ کوردستان لە چوار چێوەی عێراقێکی دیموکراتیدا، بەڕێزیان خەباتێکی زۆری بۆ ئەم چارەسەرە واقیعیە کردووە.

بەڕێز بارزانی لە تەمەنی بیست ساڵیدا بە شێوەیەکی چڕوپڕ تێکەلی کاروباری سیاسی بووە و لە ساڵی (1970) بەشداری ئەو تیمە کوردیە بووە کە گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە لەسەر رێککەوتنی ئۆتۆنۆمی. لە ساڵی (1971) لە کاتی سازدانی کۆنگرەی هەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سیفەتی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردراوە و پاشان بووە بە ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سیاسی و ئەرکی بەرپرسی دەزگای ئەمنی گرتۆتە ئەستۆ.

پاش نسکۆی شۆرشی ئەیلوڵ لە ئەنجامی رێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان شای ئێران و حکومەتی عێراقی لە ساڵی (1975)، بە رێنمایی جەنابی مەلا مستەفای باوکی، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پێکەوە هەڵسان بە رێکخستنەوەی ڕیزەکانی پێشمەرگە و دامەزراندنی سەرکردایەتی کاتی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە کورد و کوردستان. ولە (26/ گوڵانی/ 1976) شۆرشی گوڵان دەستی پێکرد.

لە ساڵی (1976 تا 1979) مەسعود بارزانی لەگەڵ باوکی لە ئەمریکا ژیاوە وە پاش رووخانی رژێمی شای ئێران، گەڕایەوە ئێران تا تەرتیباتی هاتنەوەی باوکی بۆ ئێران بکات بەڵام ئەو رۆژەی کە بەڕێز بارزانی (1/3/1979) گەیشتەوە ئێران، باوکی لە واشنتۆن کۆچی دوایی کرد. لە مانگی (11 ی 1979)، لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوازێکی دیموکراسیانە بەڕێز بارزانی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.

رۆڵی هەریەکە لە مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی برای، زۆر بەرچاو بووە لە ساڵانی (1980 تاوەکو 1987) لە دامەزراندنی چەندین بەرەی سیاسی لە عێراق و بە تایبەتی کە بەرەی کوردستانی دامەزرا لە چەندین ڕێکخراو و حزبە کوردستانیەکان.

بەڕێز بارزانی و خێزانەکەی زۆر قوربانیان لە پێناو کێشەی کورد داوە و لە دوای لە دایک بوونیەوە تا 12 ساڵ بەرێزیان باوکی خۆی نەبینیوە، کە لە دوورە وڵات لە یەکێتی سۆڤیەت دەژیا. سیخورەکانی رژێم سێ برای بەڕێز بارزانیان تیرۆر کردەوە (32) کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی بەڕێزیان لەگەل ئەو (8000) بارزانی بوون کە رژێمی بەعس ئەنفالی کردن لە ساڵی (1983)، خودی جەنابی مەسعود بارزانی ئامانجی چەندین هەوڵی تیرۆر بووە بە تایبەتی هەوڵی تیرۆر کردنی لە ڤیننای پایتەختی نەمسا لە (8/1/1979). رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق (16) جار گوندی (بارزان)نیان خاپوور کردووە کە گوندی بەڕێزیانە، بەڕێز بارزانی کتێبێکی لەسەر رۆڵی مێژووی مستەفا بارزانی باوکی لە بزووتنەوەی نەتەوەی کورد لە ژێر ناوی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە لە سێ بەرگ پێک هاتووە نووسیوە، لەگەل چەندین ووتار و بابەتی سیاسی کە لە رۆژنامەو گۆڤارەکانی کوردستان بڵاو کراو نەتەوە.

پاش شەڕی هاوپەیمانان دژ بە عێراق، بەڕێز بارزانی هەماهەنگی بەرەی کوردستانی کرد و سەرکردایەتی راپەرینی ئاداری (1991) ی کوردەکانی کرد کە بووە هۆی ئازاد کردنی بەشێکی زۆری کوردستانی عێراق لە دەست رژێمی بەغدا.

لە مانگی نیسانی (1991) گفتوگۆ لە گەل بەغدا دەستی پێکرد و بەرێز بارزانی بۆ چەندین مانگ سەرۆکایەتی شاندی کوردی کرد کە لە هەموو حزبەکانی بەرەی کوردستانی پێکهاتبوو. لە گفتوگۆکان بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتن بە هۆی رەت کردنەوەی داخوازیەکانی کورد کە بریتی بوون لە ئۆتۆنۆمی هەرێمایەتی و دیموکراتیزە کردن لە لایەن عێراقەوە.

هەروەها لە کۆنگرەی (12) ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی (1999) جارێکی تر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە.

بەڕێز مەسعود بارزانی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا وەکو لە ناوچوونی رژێمی بەعس، بەشداری چەندین کۆنگرە و کۆبوونەوەی نێو دەوڵەتی کردووە. وەک کۆبوونەوەی واشنتۆن لە ساڵی (1992) و پاشان لە (1993) و لە کۆنگرەی سەلاحەدین (1992) و کۆنگرەی لەندەن لە دیسمبری (2002) و کۆنگرەی سەلاحەدین لە شوباتی (2003).

بەرێز بارزانی رۆلێکی سەرەکی هەبووە لە سەرجەم پێشهاتە سیاسیەکانی عێراقی نوێدا، پاشانیش لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی حوکمرانی عێراقی لە (31ی تەمموزی 2003)، کە تیایدا بووە ئەندام و دواتریش بووە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە.

لە (12ی حوزەیرانی 2005) بەڕێز مەسعود بارزانی وەکو یەکەمین سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق.

وەکو سەرۆکی هەرێم، سەردانی فەرمی چەند وڵاتێکی کردووە وچەند سەرۆکی وڵات وسەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتانەی بینی، چاوپێکەوتنی ئەنجام دا لەگەل سەرۆک بۆش سەرۆکی ئەمەریکا لە (2005/10/25) وتۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە (2005/10/31)وپاپای ڤاتیکان لە(2005/11/14) وبرلسکونی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لە(2005/11/13) و شا عبدالله مەلیکی سعودیە لە (2007/3/13) و شا عبدالله مەلیکی ئوردن لە(2007/3/19) .

وەکو سەرۆکی هەرێم چەند ئۆرگانێکی دامەزراندووە بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانی لە نێو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و باشترکردنی پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێم:

ڕ‌- لە ڕۆژی (22 /1 /2007) ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی کوردستان دامەزرا کە تیایدا سەرۆکی هەرێم سەرپەرشتی کۆبوونەوەکان ئەکات، و جێگری سەرۆکی هەرێم بەڕێز (کۆسرەت رەسول) لەگەلڕ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی کوردستان و جێگرەکانیان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم.

ب‌- ئەنجوومەنی باڵای پارتە سیاسیەکان، کە کەسایەتی یەکەمی پارتە سیاسیەکان تیایدا ئەندامن، کە لەم حزبانەی خوارەوە پێکدێت:

پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی سۆشیالیستی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان.

سەرۆک بارزانی شەیدای خوێندنەوەیە بە تایبەتیش حەز بە خوێندنەوەی کتێبی مێژوویی و سیاسی و سەربازی دەکات وە هەروەها زۆر حەزیش لە وەرزش دەکات.

بەڕێز مەسعود بارزانی ساڵی (1965) هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی هەشت منداڵە.

* لە هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى هەریم لە 25/ى تەمموزى 2009 سەرۆک مەسعود بارزانى سەرکەوتنى گەورەى وەدەست هێنا بە ڕێژەى %69.60 و بارزانی شارەزایی تەواوی لە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی هەیە، هەروەها شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی هەیە و قسەی پێدەکات .

‮.


ئه‌ی ره‌قیب
 

 

لینکی سایته‌کان
www.kdp-nkr.com - 2006